وتاربێژی ڕێوڕەسمەکە مەولوود بەهرامیان چالاکوانی بواری فیکری ئیسلامی بوو. ناوبراو بە ئاماژەدان بە پێگەی قوڕئان و ڕۆڵی بنەڕەتیی لە ژیانی باوەڕداراندا وتی: جێی دڵخۆشی و شانازییە کە ئێمە شاهیدی بوونی تازەلاوان و گەنجان دەبین لە پۆلەکانی قوڕئانیدا. تەنیا کەسانێک لە شیرینی و چێژی ژیانی ژێر سێبەری قوڕئان تێدەگەن کە ئەزموونیان کردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ژیانی هاوەڵانی پێغەمبەر(د.خ) وتی: پێش ئیسلام، عەڕەبەکان کۆمەڵێک سیفەتی ئەخلاقی وەک ئازایەتی، بەخشندەیی، میوانداری و پابەندبوون بە پەیمانیان هەبوو؛ بەڵام ئەم فەزیلەتانە پەرش و بڵاو بوون و سیستماتیک نەبوون. قوڕئان هات و بە فەرمانە ئیلاهییەکانی خۆیەوە، بنەمای سیستماتیکی بۆ ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خستەڕوو؛ دادپەروەری، ڕاستگۆیی، خۆڕاگری و میهرەبانی و یارمەتیدانی ئەوانی تری بەهێزتر کرد و نەوەیەکی پەروەردە کرد کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کاریگەر و هەرمان مانەوە، ئەگەر قوڕئان نەبوایە، نەدەکرا خودا بە شێوەیەکی ڕوون و تەواو بناسین.
ئەو مامۆستا خانەنشینە بە ئاماژەدان بە شێعرێکی ئیقبال لاهوری دەڵێت: قوڕئان وەک کتێبەکانی تر نییە، کاتێک چەمک و واتای قوڕئان دەچنە ناو عەقڵ و بیری مرۆڤەوە، ژیان دەگۆڕن. ناوبراو بە ئاماژەدان بە قسەی کەسایەتییەکی گەورەی تری بانگخوازی ئیسلامی، وتی: «ئەگەر چەمک و واتای قوڕئانی بەسەر دڵەکاندا حوکم بکات، ئەوا جیهانی دەرەوەش دەگۆڕێت.»
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جگە لە ئایەتەکانی قوڕئان، خودا ئایەت و نیشانەی دیکەی لە گەردووندا دروست کردووە و بە تێڕامان لەم دوو کتێبە لە نیشانەکانی خوایی، زیاتر لە گەورەیی خودا تێدەگەین.
لەم مەڕاسیمەدا خاتوو گوڵاڵە ئەکبەری بەرپرسی پۆلەکانی قوڕئانی تازەلاوان بەخێرهاتنی میوانانی کرد و ڕاپۆرتێکی لەسەر چالاکییەکانی پۆلی قوڕئانی پێشکەش کرد.
ئەو بە ئاماژە بە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی پەروەردەیی لە پۆلە قورئانییەکانی “خانە قرآن تسکین” وتی: جگە لە فێرکردنی ڕووخوێنی و ڕەوانەیی قوڕئان، چەندین چالاکیمان لە بواری چەمکە قوڕئانییەکان بۆ تازەلاوان هەبووە، لە بواری تەجوید و دروستخوێندنەوەش سوودمان لە بەشداری مامۆستای لێهاتووی وەک خاتوو سەیدە فایزە حوسەینی (بە ئەزموون و… مامۆستای خاوەن بڕوانامەی تەجوید) وەرگرتووە.
هەروەها بەرنامەی کایە و ڕابواردن بۆ تازەلاوان و دوو گەشت و سەیرانی یەک ڕۆژە بۆ قوتابییەکانی قوڕئانی بەڕێوە چووە. بە هاریکاری بنەماڵەی قوتابیان، دوو جار منداڵەکانیان بۆ سینەما بردووە و بەرنامەی خۆشی تریش بەڕێوە چووە.
لە درێژەدا حەسەن ئەلماسی، بەرپرسی "خانە تسکین قرآن" سوپاسی بنەماڵەکانی کرد بۆ بەشداریکردن لەم ئاهەنگە قوڕئانییە و چەند خاڵێکی سەبارەت بە چالاکییەکانی ماڵی قوڕئان و چۆنیەتی پێکهاتنی ئەو ئاماژە پێدا.
لەم مەڕاسیمەدا ڕێز لە سەرجەم قوتابیانی قوڕئانی گیرا و دیارییان پێشکەش کرا. جێی ئاماژەیە ۳ کەس لە قوتابیانی قوڕئان توانیان ڕووخوێنی قوڕئانی پیرۆز تەواو بکەن کە ڕێزی تایبەتیان لێ گیرا.

بۆچوونهکان